1. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه، به‌ئه‌مه‌ک و به‌وه‌فا بن به‌رامبه‌ر به‌ڵێن و په‌یمانه‌کانتان، (خواردنی گۆشتی) ماڵات (مه‌ڕو بزن و گا‌و وشتر) بۆتان حه‌ڵاڵ کراوه، بێجگه له‌وانه‌ی که به‌سه‌رتاندا ده‌خوێنرێته‌وه (له‌م سووره‌ته‌دا)، له‌کاتێکدا ڕاوتان بۆ حه‌ڵاڵ نیه که له ئیحرامدان، (ئه‌م سنوورانه فه‌رمانی خوایه) به‌ڕاستی خوای گه‌وره فه‌رمان ده‌دات به هه‌ر شتێک که بیه‌وێت.
2. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه ده‌ستکاری دروشمه‌کانی خوا مه‌که‌ن و هه‌ڵی مه‌وه‌شێننه‌وه (به‌تایبه‌ت دروشمه‌کانی حه‌ج و عه‌مره) هه‌روه‌ها مانگه‌کانی حه‌رام (که: ڕجب، ذوالقعدة، ذوالحجة، محرم)ن، تێکی مه‌ده‌ن و ئه‌و قوربانیه‌ش که ده‌کرێت (مه‌رجه‌کانی مه‌شێوێنن) و ئه‌و ملوانکانه‌ی (ده‌کرێته ملی ئاژه‌ڵ، که نیشانه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌نیان بڕیاریداوه بکرێن به‌قوربانی) لێی مه‌که‌نه‌وه و ڕێگه له‌وانه مه‌گرن که دێن بۆ (طواف)ی که‌عبه‌و له‌کاتێکدا به‌ئومێدی فه‌زڵ و ڕه‌زامه‌ندی خوان، کاتێک ئیحرام ده‌شکێنن، ئه‌وه بۆتان هه‌یه ڕاو بکه‌ن، هه‌روه‌ها دوژمنایه‌تی و ڕقه‌به‌رایه‌تی که‌سانێک که نه‌یانهێشت کاتی خۆی (طواف)ی که‌عبه بکه‌ن، مه‌که‌نه هۆی ده‌ستدرێژی و به‌رپاکردنی ناخۆشی، یارمه‌تی و کۆمه‌کیی یه‌کتر بکه‌ن له‌سه‌ر چاکه‌و خواناسی، نه‌که‌ن یارمه‌تی وکۆمه‌کی یه‌کتر بکه‌ن له‌سه‌ر گوناهو ده‌ستدرێژی، له خوا بترسن و پارێزکار بن، چونکه به‌ڕاستی خوا زۆر به‌توندی تۆڵه ده‌سێنێت.
3. له‌سه‌رتان حه‌رام کراوه خواردنی گۆشتی مرداره‌وه بوو، خوێن، گۆشتی به‌راز، هه‌روه‌ها ئه‌و ماڵاته‌ش که سه‌ر ده‌بڕدرێن و ناوی غه‌یری خوای له‌سه‌ر ده‌برێت و ماڵاتی خنکاویش، ئه‌وه‌ش که به ئازار‌و لێدان مردار بۆته‌وه، ئه‌وه‌ش که ده‌که‌وێته خواره‌وه، ئه‌وه‌ش که به‌لێدانی ماڵاتێکی تر مردار بووبێته‌وه، ئه‌وانه‌ش که دڕنده پالاماری دابن و لێی خواردبن مه‌گه‌ر فریای چه‌قۆ که‌وتبن، (هه‌ر حاڵه‌تێک له‌وانه‌ی باسکرا ئه‌گه‌ر به چه‌قۆدا بگات حه‌ڵاڵه)، هه‌روه‌ها حه‌رام کراوه خواردنی گۆشتی ئه‌و ماڵاتانه‌ی له‌و شوێنانه‌دا سه‌ر ده‌بڕدرێن که هاناو هاواری بۆ غه‌یری خوا تێدا ده‌برێت، هه‌روه‌ها حه‌رامه له‌سه‌رتان داوا کردنی چاره‌نووستان به‌هۆی (الأ‌زلام) وه، وه‌کو ئه‌و شتانه‌ی که له ڕێگه‌ی هه‌ڵدانی زاره‌وه ده‌ست بکه‌وێت و فاڵگرتنه‌وه، بورجه‌کان، قاوه گرتنه‌وه،... هتد) ئه‌و جۆره کردار‌و ڕه‌فتارانه‌تان سه‌رپێچی و ده‌رچوونه له (فه‌رمانی خوا)، جا ئه‌مڕۆ (که ڕۆژی عه‌ره‌فه‌یه) کافران نا‌ئومێد بوون له دین و ئاینی ئێوه (ئیتر ناتوانن زاڵ بن به‌سه‌رتانداو هه‌رگیز نووری خوایان بۆ ناکوژێته‌وه) که‌واته له‌وانه مه‌ترسن، به‌ڵکو هه‌ر له من بترسن، ئه‌مڕۆ ئاین و به‌رنامه‌که‌تانم به‌کۆتایی گهیاندو نازو نیعمه‌تی خۆمم بۆ ته‌واو کردن و ڕازیم به‌وه‌ی که ئیسلام ببێته به‌رنامه‌و دین و ئاینتان (جا له‌گه‌ڵ بڕیاردانی ئه‌و شتانه‌دا که حه‌راممان کردووه) هه‌ر که‌س ناچار کرا له گرانیی و برسێتیدا (مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو بمرێت) ده‌توانێت له‌و شتانه بخوات که حه‌راممان کردووه (به‌مه‌رجێک ده‌ست درێژکار نه‌بێت و به‌ئاره‌زوو ژه‌می زۆری لێ نه‌خوات) و خۆی تووشی گوناهو تاوان نه‌کات، ئه‌وه به‌ڕاستی خوا لێخۆشبووه‌و میهره‌بانه (بۆ ئه‌و جۆره حاڵه‌تانه).
4. ئه‌ی محمد (صلی الله علیه وسلم) پرسیارت لێده‌که‌ن چی حه‌ڵاڵکراوه بۆیان؟ پێیان بڵێ: هه‌رچی خۆراکی چاک و پاکه بۆتان حه‌ڵاڵ کراوه، ئه‌وه‌ش باڵنده‌و تانجی شکاری بۆتان ڕاو ده‌که‌ن و فێرتان کردوون (بێگومان خوا توانای به‌خشیووه به مرۆڤ بتوانێت مه‌شق بکات به‌گیانداران و فێریان بکات ڕاوی بۆ بکه‌ن به‌تایبه‌تی تانجی)، ده بخۆن له‌وه‌ی بۆتان ده‌گرن و ناوی خوای لێ بهێنن کاتێک به‌ڕه‌ڵای ده‌که‌ن و کاتێک لێی ده‌خۆن، هه‌ر له خوایش بترسن و پارێزکاربن (ئه‌ی ڕاوچیه‌کان)، به‌ڕاستی خوا به‌خێرایی لێپرسینه‌وه ئه‌نجام ده‌دات (ووردو درشتی کردار‌و ڕه‌فتار فه‌رامۆش ناکات).
5. له‌مڕۆوه هه‌رچی خۆراکی چاک و پاکه بۆتان حه‌ڵاڵ کراوه و خواردنی ئه‌وانه‌ی که کتێبی ئاسمانیان پێدراوه بۆتان حه‌ڵاڵه، خوارده‌مه‌نی ئێوه‌ش حه‌ڵاڵه بۆ ئه‌وان، ئافره‌تانی داوێن پاک له ئیمانداران و ئافره‌تانی داوێن پاک له‌وانه‌ی کتێبیان پێدراوه پێش ئێوه (بۆتان حه‌ڵاڵه) کاتێک ماره‌ییان پێبده‌ن، به‌مه‌رجێک ئێوه پاک داوێن بن و داوێن پیس نه‌بن به‌ئاشکراو دووره په‌رێز بن له دۆست گرتنی نهێنی بۆ داوێن پیسی، جا ئه‌وه‌ی بێ باوه‌ڕ بێت به‌شه‌رعی خوا‌و له‌م حه‌رامانه خۆی نه‌پارێزێت، ئه‌وه ئیتر کار‌و کرده‌وه چاکه‌کانیشی پووچ ده‌بێته‌وه و ئه‌و جۆره که‌سانه له قیامه‌تدا له ڕیزی خه‌ساره‌تمه‌ندو زه‌ره‌رمه‌ندو دۆڕاوه‌کاندان.
6. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه: کاتێک ویستتان هه‌ستن بۆ نوێژ (پێش ئه‌وه ده‌ست نوێژ بگرن، به‌م شێوه‌یه): ئه‌وه سه‌ره‌تا ڕووخسارتان بشۆن، ئینجا ده‌سته‌کانتان له‌گه‌ڵ ئه‌نیشکتاندا، پاشان ده‌ستی ته‌ڕ بهێنن به‌سه‌ر سه‌رتاندا، قاچه‌کانیشتان بشۆن له‌گه‌ڵ قوله پێتاندا، ئه‌گه‌ر له‌شتان گران بوو، ئه‌وه خۆتان خاوێن بکه‌ن و خۆتان بشۆن، ئه‌گه‌ر نه‌خۆش بوون یان له سه‌فه‌ردا بوون یان ده‌ستان به‌ئاو گه‌یاندبوو (تاره‌تتان گرتبوو) یان له ئافره‌تی (نامه‌حره‌م) که‌وتبوون و ئاوتان ده‌ست نه‌ده‌که‌وت (بۆ خۆشتن یان بۆ ده‌ستنوێژ، ئه‌وکاته ده‌توانن) به خاکێکی پاک ته‌یه‌موم بکه‌ن (واته له‌پی ده‌ستان به‌ئاسته‌م بماڵن به‌خاکدا)و بیهێنن به ڕووخسار‌و ده‌ستاندا (تا ئانیشکتان)، خوا نایه‌وێت له ئایندا تووشی سه‌غڵه‌تی و ناڕه‌حه‌تیتان بکات به‌ڵکو ده‌یه‌وێت پاک و خاوێنتان بکات (له ڕواڵه‌ت و ناوه‌ڕۆکدا) و ده‌یه‌وێت نازو نیعمه‌تی خۆیتان به‌سه‌ردا ته‌واوبکات بۆ ئه‌وه‌ی سوپاسگوزار بن.
7. یادی نازو نیعمه‌تی خوا بکه‌نه‌وه له‌سه‌رتان، هه‌روه‌ها ئه‌و په‌یمانه‌ش که پێویسته ئێوه پابه‌ندی بن، له بیرتان نه‌چێت که وتوتانه: گوێرایه‌ڵ و ملکه‌چ و فه‌رمانبه‌ردارین (که‌واته ئیتر هه‌میشه و به‌رده‌وام) له خوا بترسن و پارێزکار بن، چونکه خوا زانایه به‌نهێنی دڵ و ده‌روونه‌کان.
8. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه، زۆر به‌چاکی هه‌ستن به‌ئه‌نجامدانی شایه‌تی دادپه‌روه‌رانه له‌به‌ر خوا، ڕق و دوژمنایه‌تی هیچ که‌س و هیج لایه‌ک هه‌ڵتان نه‌نێت که‌له دادپه‌روه‌ریی لابده‌ن، دادپه‌روه‌ربن، ئه‌وه نزیکتره له ته‌قواو خواناسیه‌وه، ده‌ی که‌واته له‌خوا ترس و پارێزکاربن، چونکه به‌ڕاستی خوا ئاگاداره به‌و کار‌و کرده‌وه‌یه‌ی که ده‌یکه‌ن.
9. خوا به‌ڵێنی داوه به‌وانه‌ی باوه‌ڕیان هێناوه‌و کرده‌وه چاکه‌کانیان ئه‌نجامداوه به لێخۆشبوو‌ن و چاوبۆشی (له هه‌ڵه‌و گوناهه‌کانیان) و پاداشتی گه‌وره‌و بێ سنوور بۆ ئه‌وانه.
10. ئه‌وانه‌ش که ڕێبازی کوفریان گرتۆته‌به‌رو بڕوایان به‌ئایه‌ته‌کانی ئێمه نه‌هێناوه، ئا ئه‌وانه نیشته‌جێی ناو ئاگری دۆزه‌خن.
11. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه یادی نازو نیعمه‌تی خوا بکه‌نه‌وه له‌سه‌رتان کاتێک هه‌ندێک ویستیان ده‌ستدرێژی بکه‌نه سه‌رتان، خوایش ده‌ستدرێژیه‌که‌ی ڕاگرتن و (ئێوه‌ی پاڕاست)، ده‌ی که‌واته له خوا بترسن و پارێزکار بن، ده‌با ئیمانداران هه‌ر پشت به‌خوا ببه‌ستن (تا هه‌میشه فریایان بکه‌وێت و له پیلانی دوژمنان بیانپارێزێت).
12. سوێند بێت بێگومان (کاتی خۆی) خوا په‌یمانی له نه‌وه‌ی ئیسرائیل وه‌رگرت و دوانزه ڕابه‌رمان تێدا هه‌ڵبژاردن، ئینجا خوا پێی فه‌رموون که: من به‌ڕاستی له‌گه‌ڵتاندام، سوێند بێت به خوا ئه‌گه‌ر نوێژه‌کانتان به‌چاکی ئه‌نجام بده‌ن و زه‌کات بده‌ن و باوه‌ڕبهێنن به هه‌موو پێغه‌مبه‌رانی من و پشتیوانی‌یان لێبکه‌ن، قه‌رزی چاک و جوان و ڕێک و پێک بده‌ن به‌خه‌ڵکی له‌به‌ر خوا (له‌به‌ر ڕه‌زامه‌ندی ئه‌وزاته هه‌موو چاکه‌یه‌ک ئه‌نجام بده‌ن و چاوه‌ڕێی پاداشت له‌وبن) ئه‌وه بێگومان له گوناهو هه‌ڵه‌کانتان خۆشده‌بم و چاوپۆشیتان لێده‌که‌م و ده‌تانخه‌مه باخه‌کانی به‌هه‌شته‌وه که چه‌نده‌ها ڕووبار به‌ژێر دره‌خته‌کانیدا ده‌ڕوات، جا ئه‌وه‌ی له‌وه‌ودوا بێ باوه‌ڕ بێت له ئێوه، ئه‌وه مانای وایه که به‌ڕاستی ڕێگه‌و ڕێبازی ڕاست و ڕه‌وانی لێ تێکچووه.
13. جا به‌هۆی ئه‌وه‌وه که نه‌وه‌ی ئیسرائیل به‌رده‌وام په‌یمان و به‌ڵێنه‌کانیان ده‌شکاند، نه‌فره‌تمان لێکردن و دڵه‌کانیانمان ڕه‌ق و سه‌خت و ڕه‌ش کرد (چونکه یه‌کێک له سیفه‌تیان ئه‌وه‌یه) که: قسه له جێی خۆیدا ناکه‌ن و جێی ده‌گۆڕن (به ئاره‌زووی خۆیان ده‌ستکاریی ته‌وراتیشیان کردووه) هه‌روه‌ها به‌شێک له‌و شتانه‌ی که یاداوه‌ری بوو بۆیان فه‌رامۆشیان کرد‌و، به‌رده‌وام ده‌بینیت و بۆت ده‌رده‌که‌وێت که زۆربه‌یان خیانه‌تکارو دوژمنکارن، مه‌گه‌ر که‌مێکیان نه‌بێت، (له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا قه‌یناکات) هه‌ر لێیان خۆش ببه‌و چاوپۆشیان لێ بکه، چونکه به‌ڕاستی خوا چاکه‌کارانی خۆشده‌وێت.
14. هه‌روه‌ها په‌یمانمان له‌وانه‌ش وه‌رگرتووه که ده‌یانوت: ئێمه گاورین که‌چی به‌شێک له‌و شتانه‌یان فه‌رامۆشکرد که‌پێی یاداوه‌ری کرابوون، (به‌تایبه‌تی ده‌رباره‌ی پێغه‌مبه‌رایه‌تی محمد (صلی الله علیه وسلم) ئێمه‌ش هه‌تا ڕۆژی قیامه‌ت دوژمنایه‌تی و ڕق و کینه‌مان پێوه‌لکاندن، له ئاینده‌شدا خوا هه‌موو ئه‌و کار‌و کرده‌وانه‌یان ده‌خاته‌وه به‌رچاوو پێیان ڕاده‌گه‌یه‌نێت.
15. ئه‌ی خاوه‌نانی کتێب: دڵنیابن که پێغه‌مبه‌ری ئێمه بۆ ئێوه‌ش هاتووه تا زۆربه‌ی ئه‌و شتانه‌ی که لای ئێوه ڕوون و ئاشکرانین و ده‌یشارنه‌وه، له کتێبی (ته‌ورات و ئینجیل‌دا) بۆتان ڕوون و ئاشکرا بکات، هه‌روه‌ها له زۆرێک له‌و شتانه‌ی که شاردوتانه‌ته‌وه چاوپۆشی ده‌کات، چونکه به‌ڕاستی له‌لایه‌ن خواوه ڕووناکیه‌کی ئاشکراتان بۆهاتووه (که محمدی پێغه‌مبه‌رمانه (صلی الله علیه وسلم) هاوڕێ له‌گه‌ڵ کتێبێکی ڕوونکه‌ره‌وه‌دا (که قورئانه).
16. (بێگومان) خوا به‌و قورئانه پیرۆزه هیدایه‌ت و ڕێنموویی ئه‌و که‌سانه ده‌کات که: شوێن ڕه‌زامه‌ندی خوا که‌وتوون، به‌ره‌و ڕێبازه‌کانی ئاشتی و ئاسوده‌یی و له تاریکایی یه‌کان ده‌ریانده‌هێنێت و ڕزگاریان ده‌کات و ده‌یانخاته ناو ڕوناکیه‌وه به‌فه‌رمانی خۆی و ڕێنمووییان ده‌کات بۆ سه‌ر ڕێگه‌و ڕێبازی ڕاست و دروستی (دینداری و خواناسی و چاکه).
17. سوێند بێت بێگومان ئه‌وانه بێ باوه‌ڕ بوون که وتیان: به‌ڕاستی خوا، هه‌ر مه‌سیحی کوڕی مه‌ریه‌مه، (ئه‌ی محمد (صلی الله علیه وسلم) پێیان) بڵێ: ئه‌گه‌ر خوا بیه‌وێت مه‌سیحی کوڕی مه‌ریه‌م و دایکی و هه‌رچی له‌سه‌ر زه‌ویدا هه‌یه له‌ناوی به‌رێت، ئه‌وه کێ یه له به‌رامبه‌ر خواوه ده‌سه‌ڵاتی شتێکی هه‌یه؟ (که‌واته ئه‌ویش و دایکیشی و ئه‌و خه‌ڵکه‌ش به‌دیهێنراوی خوان و له ده‌سه‌ڵاتی ده‌رناچن، ئیتر به چ به‌ڵگه‌یه‌ک قسه‌ی وا نابه‌جێ ده‌که‌ن؟!، به‌مه‌رجێک) خوا زاتێکه هه‌رچی له ئاسمانه‌کان و زه‌وی و نێوانیاندا هه‌یه هه‌ر ئه‌و خاوه‌نیانه، هه‌رچی بیه‌وێت دروستی ده‌کات (شتێکی ئاساییه ئه‌و زاته مه‌سیح بێ باوک دروست بکات)، چونکه خوا ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا (هه‌موو شت لای ئه‌و ئاسانه).
18. جووله‌که‌و گاور ده‌یانوت: ئێمه ڕۆڵه‌ی خوا‌و خۆشه‌ویست و نزیکی ئه‌وین، پێیان بڵێ: که‌واته بۆچی له‌سه‌ر گوناهو تاوانتان سزاتان ده‌دات (له دنیادا به‌ئاشکرا به‌ڵاو ناخۆشیتان بۆ پێش ده‌هێنێت، سزای قیامه‌تیش با له‌ولاوه بوه‌ستێت، ئێوه خۆتان ئاوا به‌گه‌وره‌و نازدار دامه‌نێن و خۆتان جیا مه‌که‌نه‌وه) نه‌خێر وانیه، چونکه ئێوه‌ش به‌شه‌ر و ئاده‌میزادێکن له‌و خه‌ڵکه‌ی که دروستی کردووه، ئه‌وه‌ی خوا بیه‌وێت لێی خۆش ببێت، لێی خۆشده‌بێت، ئه‌وه‌ش که بیه‌وێت سزای بدات سزای ده‌دات (ئه‌ڵبه‌ته له چوارچێوه‌ی دادپه‌روه‌ریدا) هه‌رچیش له ئاسمانه‌کان و زه‌وی و نێوانیاندا هه‌یه هه‌ر خوا خاوه‌نیانه، گه‌ڕانه‌وه و سه‌رئه‌نجامیش بۆ لای ئه‌و زاته‌یه.
19. ئه‌ی خاوه‌نانی کتێب: بێگومان پێغه‌مبه‌رمان (محمد (صلی الله علیه وسلم) هاتووه بۆ لاتان تا هه‌موو شتێکتان بۆ ڕوون بکاته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی که ماوه‌یه‌ک بوو هیچ پێغه‌مبه‌رێکمان ڕه‌وانه نه‌کردبوو (نێوان له دایک بوونی عیسا و ناردنی محمد سه‌لامی خوایان له‌سه‌ر بێت، زیاتر له شه‌ش سه‌ده‌یه) نه‌وه‌کو بڵێن که‌سمان بۆ ڕه‌وانه نه‌کرا تا مژده‌ده‌ر بێت (به‌چاکان) و ترسێنه‌ربێت بۆ (یاخیه‌کان)، ئه‌وه‌ته به‌ڕاستی مژده‌ده‌رو ترسێنه‌رتان بۆ هات (ئیتر هیچ بیانوویه‌کتان نه‌ماوه)، خوایش ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا هه‌یه (ئه‌گه‌ر یاخی بن سزاتان ده‌دات).
20. یادیان بێنه‌وه کاتێک مو‌سا به‌قه‌ومه‌که‌ی وت: ئه‌ی قه‌وم و عه‌شیره‌تم یادی نازو نیعمه‌تی خوا بکه‌نه‌وه له سه‌رتان که پێغه‌مبه‌رانی له‌ناو ئێوه‌دا فه‌راهه‌م هێناوه، هه‌روه‌ها پاشای زۆری له‌ناوتاندا هه‌ڵخستووه، ئه‌وه‌ی به ئێوه‌ی به‌خشیووه به‌که‌سی تری نه‌به‌خشیووه له‌و خه‌ڵکه بێ شوماره‌ی (ئه‌و سه‌رده‌مه).
21. ئه‌ی قه‌وم و عه‌شیره‌تم بچنه ناو ئه‌و زه‌ویه پیرۆزه‌ی (القدس)، که خوا پێویستی کرد له‌به‌ر سوودی خۆتان بچنه ناوی، پاشگه‌ز مه‌بنه‌وه‌و پاشه‌کشێ مه‌که‌ن تا خه‌ساره‌تمه‌ندو زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بن.
22. (که‌چی) وتیان: ئه‌ی مو‌سا به‌ڕاستی خه‌ڵکێکی ئازا‌و به‌رزو دلێری تێدایه، بێگومان ئێمه هه‌رگیز ناچینه ناوی تا ئه‌وانی لێده‌رنه‌چن، جا ئه‌گه‌ر ئه‌وان ده‌رچوون لێی، ئه‌وه بێگومان ئێمه ده‌چینه ناوی و له‌وێ ده‌بین!!
23. (به‌ڵام) دوو که‌س له‌وانه‌ی که ترسی خوایان له‌دڵدا بوو و خوا نازو نیعمه‌تی ئیمان و دڵنیایی ته‌واوی پێ به‌خشیبوون وتیان: له ده‌روازه‌ی شاره‌وه بچنه سه‌ریان و (یه‌ک هێرشی گه‌وره به‌رن) هه‌ر که چوونه ئه‌و دیوه‌وه، ئه‌وه بێگومان ئیتر ئێوه سه‌رکه‌وتوون (دوژمنتان شکست ده‌هێنێت، جا بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه) ده‌بێت: به ته‌واویی پشت به خوا ببه‌ستن ئه‌گه‌ر ئێوه ئیماندارن.
24. که‌چی وتیان: ئه‌ی مو‌سا دڵنیابه ئێمه هه‌رگیز ناچینه ئه‌و شاره‌وه و ڕووی تێناکه‌ین ماده‌م ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه‌ی تێدا بێت، (ئیتر تۆ که‌یفی خۆته حه‌ز ده‌که‌یت) بچۆ خۆت و په‌روه‌ردگارت جه‌نگ بکه‌ن دژیان، ئێمه به‌ڕاستی ئا لێره‌دا دانیشتووین (چاوه‌ڕێی سه‌رئه‌نجامین)!!
25. ئینجا مو‌سا وتی: په‌روه‌ردگارا به‌ڕاستی من ده‌سه‌ڵاتم نیه جگه به‌سه‌ر خۆم و براکه‌مدا نه‌بێت (ئێمه ئاماده‌ی هه‌موو فه‌رمانێکی تۆین) ئیتر داواکارین که ئێمه جیا بکه‌یته‌وه له‌و خه‌ڵکه تاوانکار و سته‌م پیشه‌یه...
26. خوا فه‌رمووی: به‌ڕاستی ئه‌وه ئیتر شاری قدس له‌سه‌ریان حه‌رامه، ده‌بێت چل ساڵیش وێڵ و سه‌رگه‌ردان بن له‌سه‌ر زه‌ویدا (تا ئه‌و نه‌وه ترسنۆکه تیا بچێت و نه‌وه‌ی تازه پێبگات)، ئیتر خه‌فه‌ت مه‌خۆ بۆ گه‌ل و هۆزی تاوانبار و سته‌م پیشه.
27. به‌سه‌رهات و هه‌واڵی دوو کوڕه‌که‌ی ئاده‌م بۆ ئه‌و خه‌ڵکه بخوێنه‌ره‌وه که: به‌ڕاستی ڕوویداوه، ئه‌وه بوو کاتێک هه‌ردووکیان قوربانییان کرد، له یه‌کێکیان وه‌رگیرا (که له‌سه‌ر حه‌ق بوو، له خوا ترس بوو) و له‌وی تریان وه‌رنه‌گیرا (چونکه ڕق ئه‌ستوورو حهسوودو خوانه‌ناس بوو) به‌براکه‌ی وت: هه‌ر ده‌تکوژم ئه‌ویش له وه‌ڵامی هه‌ڕه‌شه‌که‌یدا وتی: خوای گه‌وره ته‌نها له پارێزکاران قوربانی و چاکه وه‌رده‌گرێت.
28. سوێند به خوا ئه‌گه‌ر تۆ ده‌ست درێژ بکه‌یت بۆ من بۆ ئه‌وه‌ی بمکوژیت، من ده‌ستدرێژ ناکه‌م بۆ تۆ بۆ ئه‌وه‌ی بتکوژم، چونکه به‌ڕاستی من له‌سزاو تۆڵه‌ی خوا، په‌روه‌ردگاری جیهانه‌کان ده‌ترسم.
29. (من به‌و ده‌ست درێژ نه‌کردنه‌م) به‌ڕاستی ده‌مه‌وێت به‌گوناهی من و گوناهی خۆیشته‌وه بگه‌ڕێیته‌وه، ئه‌وجا ده‌بیته نیشته‌جێی ناو ئاگر، هه‌ر ئه‌وه‌شه پاداشتی سته‌مکاران.
30. سه‌رئه‌نجام نه‌فسی سه‌رکه‌شی هانیداو کوشتنی براکه‌ی لاساده و ئاسان کرد‌و کوشتی، ئیتر خۆی خسته ڕیزی خه‌ساره‌تمه‌ند و زه‌ره‌رمه‌ندانه‌وه.
31. له‌وه‌ودوا گیری خوارد به‌ده‌ست ته‌رمه‌که‌یه‌وه، چونکه وادیاره یه‌که‌م که‌سه کوژرا بێت و شه‌هید بوو بێت)، ئه‌وسا خوای میهره‌بان قه‌له‌ڕه‌شێکی نارد‌و چاڵێکی له زه‌ویدا هه‌ڵکه‌ند (بۆ قه‌له‌ره‌شێکی تری مرداره‌وه بوو) تا نیشانی بدات چۆن لاشه‌ی براکه‌ی بشارێته‌وه، (هه‌رکه ئه‌وه‌ی دی) وتی: هاوار له من، ئایا ئه‌وه من نه‌متوانی وه‌کو ئه‌و قه‌له‌ڕه‌شه بکه‌م و به‌قه‌ده‌ر ئه‌وم لێنه‌هات تا لاشه و عه‌یب و عاری براکه‌م بشارمه‌وه، ئیتر بۆ هه‌میشه چووه ڕیزی په‌شیمانانه‌وه.
32. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کاره‌ساتی کوشتنی ناڕه‌وای ئاوا ڕوو نه‌دات ئێمه پێویستمان کرد له‌سه‌ر نه‌وه‌ی ئیسرائیل ئه‌وه‌ی که‌سێک به‌ناحه‌ق بکوژێت و له جیاتی کوژراوێک نه‌بێت، یان گوناهو تاوانی گه‌وره‌ی ئه‌نجام نه‌دابێت له‌زه‌ویدا (وه‌کوجه‌رده‌یی و ده‌ستدرێژی و... هتد)، ئه‌وه وه‌ک ئه‌وه وایه هه‌ر هه‌موو خه‌ڵکی کوشتبێت، ئه‌وه‌ش که‌سێک له مه‌رگ ڕزگار بکات، هه‌روه‌ک ئه‌وه وایه هه‌موو خه‌ڵکی له‌مه‌رگ ڕزگار کردبێت و ژیانی پێ به‌خشی بن، سوێند بێت به‌خوا به‌ڕاستی پێغه‌مبه‌رانمان به به‌ڵگه‌و موعجیزه‌ی ئاشکراو دیاره‌وه هاتووه بۆ لایان (تا پابه‌ندی حه‌ق و داد بن) که‌چی زۆربه‌یان دوای ئه‌و ڕێنمووییانه، هه‌ر زیاده‌ڕه و بوون له‌م سه‌ر زه‌مینه‌دا له سته‌م و کوشتنی ناحه‌قدا.
33. بێگومان پاداشتی ئه‌وانه‌ی که ده‌نجێگن و دوژمنایه‌تی خوا‌و پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی ده‌که‌ن و به گه‌رمی هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی فه‌سادو به‌د ڕه‌وشتی له زه‌ویدا هه‌ر ئه‌وه‌یه: (ئه‌وانه‌یان که خه‌ڵکیان کوشتووه) ده‌بێت بکوژرێن، (ئه‌وانه‌ش که‌خه‌ڵکیان کوشتووه و جه‌رده‌ییشیان کردووه) ده‌بێت له خاچ بدرێن، (ئه‌وانه‌یان ته‌نها جه‌رده‌یی ده‌که‌ن) ده‌ست و قاچێکیان به‌پێچه‌وانه‌وه ببڕدرێت، (ئه‌وانه‌یان که مه‌ترسیان لێده‌کرێت) ئه‌وه دوور بخرێنه‌وه له وڵات، ئه‌وسزایه خه‌جاڵه‌تی و سه‌رشۆڕیه بۆیان له‌دنیادا، له‌قیامه‌تیشدا سزای سه‌خت و گه‌وره‌یان بۆهه‌یه.
34. جگه له‌وانه‌یان که ته‌وبه‌یان کردووه، پێش ئه‌وه‌ی ده‌ستی ئێوه‌یان بگاتێ، ئه‌وه بزانن که به‌ڕاستی خوا لێخۆش‌بوو و میهره‌بانه (ئه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر مافی خه‌ڵکیان به‌سه‌ره‌وه نه‌بێت).
35. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه له خوا بترسن و پارێزکار بن، له ڕێگه‌ی هه‌موو هۆکارو کرده‌وه‌یه‌کی چاکه‌وه هه‌وڵ بده‌ن ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌و زاته به‌ده‌ست بهێنن، هه‌میشه هه‌وڵ و کۆشش و جیهادو خه‌بات بکه‌ن له پێناوی ڕێباز و به‌رنامه‌ی ئه‌و زاته‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفراز بن (له هه‌ردوو جیهاندا).
36. بێگومان ئه‌وانه‌ی بێ باوه‌ڕ بوون، ئه‌گه‌ر هه‌رچی سامانی زه‌وی هه‌یه هه‌یان بێت و ئه‌وه‌نده‌ی تریشی له‌گه‌ڵ بێت و بیانه‌وێت خۆیانی پێ ڕزگار بکه‌ن له سزای ڕۆژی قیامه‌ت، لێیان وه‌رناگیرێت، ئه‌وانه سزایه‌کی به ئێشیان بۆ ئاماده کراوه (ده‌بێت تیایدا گیر بخۆن).
37. ئه‌وانه ده‌یانه‌وێت له دۆزه‌خ ده‌رچن (به‌ڵام خه‌یاڵیان خاوه) له‌کاتێکدا ده‌رچوونیان لێی نییه، ئه‌وانه سزایه‌کی به‌رده‌وامیان بۆ ئاماده‌یه.
38. ده‌ستی پیاوی دزو ئافره‌تی دز ببڕن له پاداشتی کاری ناڕه‌وایاندا ئه‌مه‌ش تۆڵه‌یه‌که له لایه‌ن خواوه، خوا باڵاده‌ست و دانایه (له بڕیاردانی ئه‌و سزایه‌دا، ئه‌ڵبه‌ته ئه‌م سزایه له کۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی‌دا جێبه‌جێ ده‌کرێت، که: هه‌موو که‌سێک ژیانی مسۆگه‌ره و هه‌مووان ده‌ستی یارمه‌تی بۆ یه‌کتر درێژ ده‌که‌ن، هه‌روه‌ها له ساڵانی گرانیدا ده‌ست نابڕدرێت).
39. جا ئه‌وه‌ی دوای سته‌م و تاوانه‌که‌ی ته‌وبه بکات و چاکسازی له خۆیدا بکات (دڵ و ده‌روونی خاوێن بکاته‌وه، ماڵی خه‌ڵکی بداته‌وه و چاوی له دزێتی نه‌مێنێت)، ئه‌وه بێگومان خوا ته‌وبه‌که‌ی لێوه‌رده‌گرێت، چونکه به‌ڕاستی خوای گه‌وره لێخۆش‌بوو میهره‌بانه.
40. (ئه‌ی محمد (صلی الله علیه وسلم)، ئه‌ی ئیماندار) ئایا نه‌تزانیووه هه‌رچی له ئاسمانه‌کان و زه‌ویدا هه‌یه، به‌ڕاستی ته‌نها هه‌ر خوا خاوه‌نیانه، سزای هه‌ر که‌سێک که بیه‌وێت ده‌یدات (ئه‌ڵبه‌ته هه‌ڕه‌مه‌کی نیه، به‌ڵکو له ڕووی دادپه‌روه‌ری ته‌واوه‌وه)، هه‌روه‌ها خۆش ده‌بێت له‌و که‌سه‌ی که ده‌یه‌وێت و مه‌به‌ستێتی لێی خۆش ببێت، ئه‌و خوایه ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا هه‌یه (شوێنی پاداشت و سزای جێگه‌ی هه‌مووانی تێدا ده‌بێته‌وه).
41. ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) با غه‌مبارت نه‌کات ئه‌وانه‌ی که به‌په‌له به‌ده‌م بێ باوه‌ڕی و بێ دینیه‌وه ده‌چن، له‌وانه‌ی که به‌ده‌م و زار ده‌ڵێن: باوه‌ڕمان هێناوه، به‌ڵام دڵیان باوه‌ڕی نه‌هێناوه، هه‌روه‌ها له‌وانه‌ش که بوونه‌ته جوله‌که و زۆر گوێگرن بۆ درۆ‌و ده‌له‌سه، زۆر گوێبیستن بۆ خه‌ڵکی تریش (که خوانه‌ناسن و) نه‌هاتوون بۆ لات، قسه ده‌گۆڕن و قسه وه‌کو خۆی ناگێڕنه‌وه، یاخود ئاوه‌ژووی ده‌که‌ن، دوای ئه‌وه‌ی جێی خۆی گرتبوو (ئه‌وانه‌ی که خه‌ڵک ده‌نێرن بۆ لای پێغه‌مبه‌رو پێی) ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر ئاوا بڕیاریدا لێی وه‌ربگرن، ئه‌گه‌ر وانه‌بوو هوشیار بن، جا ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره بیه‌وێت تووشی تاقیکردنه‌وه و سزای بکات، ئه‌وه هه‌رگیز تۆ خاوه‌نی هیچ شتێک نابیت له‌لایه‌ن خواوه بۆ ڕزگار بوونی ئه‌و، ئائه‌وانه ئه‌و که‌سانه‌ن خوا نه‌یویستووه دڵیان پاک و خاوێن بکاته‌وه (چونکه خۆشیان مه‌به‌ستیان نه‌بووه) ئه‌وانه له دنیادا سه‌رشۆڕیی و شه‌رمه‌زاریی به‌شیانه، له قیامه‌تیشدا سزای سه‌خت و گه‌وره چاوه‌ڕێیانه.
42. ئه‌و (جوله‌کانه) زۆر به دڵ گه‌رمی گوێ بۆ درۆ ده‌گرن و که‌سایه‌تیان ناپوخته‌و زۆر حه‌رام خۆر و سو‌و خۆرن، جا ئه‌گه‌ر کێشه‌یه‌کیان هه‌بوو، هاتن بۆ لات (تۆ سه‌ربه‌ستی) داوه‌ری بکه‌یت له‌نێوانیاندا یان گوێیان پێنه‌ده‌یت، خۆ ئه‌گه‌ر گوێیان نه‌ده‌یتێ، ئه‌وه هه‌رگیز ناتوانن هیچ جۆره زیانێکت پێبگه‌یه‌نن، خۆ ئه‌گه‌ر دادوه‌ریت کرد له نێوانیاندا دادپه‌روه‌رانه ئه‌نجامی بده، چونکه به‌ڕاستی خوا دادپهروهرو ماف په‌روه‌رانی خۆش ده‌وێت.
43. (سه‌یره)! ئه‌وانه چۆن دێن و تۆ ده‌که‌ن به دادوه‌ر، له‌کاتێکدا خۆیان ته‌وراتیان لایه‌و فه‌رمانی خوا به‌روونی تیادایه، پاشان پشتی تێده‌که‌ن دوای ئه‌وه‌ی که (حوکم و فه‌رمانی خوایان بۆ ده‌رده‌که‌وێت) دیاره ئه‌وانه هه‌ر ئیماندار نین (له مه‌دینه‌دا یه‌کێک له ناودارانی جوو زینای کردبوو، حوکمی زیناکه‌رێک هاوسه‌ری هه‌بێت له ته‌وراتدا به‌رد باران کردنه، هاتن بۆ خزمه‌تی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم)، تا به‌ڵکو حوکمه‌که‌ی لهقورئاندا ئاسانتر بێت، به‌مه‌رجێک باوه‌ڕیان به پێغه‌مبه‌رو به قورئان نه‌بوو، کاتێک پێغه‌مبه‌ر گێڕانیه‌وه بۆ لای حوکمی ته‌ورات پشتیان هه‌ڵکرد و به‌دڵیان نه‌بوو...)
44. به‌ڕاستی ئێمه کاتێک ته‌وراتمان نارده خواره‌وه ڕێنموویی تیادا بوو (بۆ هه‌موو خێر‌و چاکه‌یه‌ک)، نوور و ڕووناکیش بوو (له‌ناو تاریکایی یه‌کاندا)، ئه‌و پێغه‌مبه‌رانه‌ی که هه‌میشه ملکه‌چ و فه‌رمانبه‌ردار بوون حوکمی ئه‌وانه‌یان پێده‌کرد که ببونه جوله‌که، هه‌روه‌ها زانا په‌روه‌ردگار ناسه‌کانیان و زانا شه‌رع ناسه‌کانیشیان، حوکمیان ده‌کرد به‌وه‌ی داوایان لێکرابوو بیپارێزن، که ئه‌ویش کتێبی خوا (ته‌وراته)، هه‌روه‌ها شایه‌تیش بوون له‌سه‌ری (که‌واته ئه‌ی زانایانی جوله‌که، ئه‌ی ئیمانداران) له خه‌ڵکی مه‌ترسن به‌ڵکو ته‌نها له من بترسن، ئایه‌ت و فه‌رمانه‌کانی من به‌نرخێکی که‌م مه‌فرۆشن (ئه‌گه‌ر نرخه‌که هه‌موو دنیاش بێت هه‌ر که‌مه) جا ئه‌وه‌ی حوکم و داوه‌ری به‌و به‌رنامه‌یه نه‌کات که خوا دایبه‌زاندووه، ئائه‌وانه بێ باوه‌ڕن.
45. له ته‌وراتدا پێویستمان کردووه له‌سه‌ریان که به‌ڕاستی هه‌ر که‌سێک که‌سێک بکوژێت ده‌بێت بکوژرێته‌وه و چاوی یه‌کێک کوێر بکات، ده‌بێت چاوی کوێر بکرێته‌وه و لووتی یه‌کێک عه‌یبدار بکات ده‌بێت لووتی عه‌یبدار بکرێته‌وه و گوێی یه‌کێک ببڕێت ده‌بێت گوێی ببڕدرێته‌وه و ددانی یه‌کێک بشکێنێت ده‌بێت ددانی بشکێنرێته‌وه‌و برین و زامه‌کانیش هه‌روه‌ها تۆڵه‌یان به‌گوێره‌ی خۆی بۆ ده‌سه‌نرێته‌وه، جائه‌وه‌ی له تاوانبار خۆش ببێت، ئه‌و چاوپۆشی و لێخۆشبوونه ده‌بێته که‌فاره‌تی گوناهانی، بێگومان ئه‌وه‌ی حوکم و داوه‌ری نه‌کات به‌و به‌رنامه‌یه‌ی که خوا دایبه‌زاندوه، ئائه‌وانه هه‌ر سته‌مکارن.
46. ئینجا به‌شوێن ئاسه‌واری هه‌موو پێغه‌مبه‌رانی (نه‌وه‌ی ئیسرائیل‌دا) عیسای کوڕی مه‌ریه‌ممان هێنا، که ڕاستی ته‌وراتی ده‌رده‌خست و پشتیوانی لێده‌کردو ئینجیلیشمان پێدا، که هیدایه‌ت و نوور و ڕووناکی تێدایه و پشتگیریی ته‌وراتی پێش خۆیه‌تی، هیدایه‌ت و ڕێنموویی و ئامۆژگاریه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که له خوا ده‌ترسن و پارێزکارن.
47. ده‌با شوێنکه‌وتووانی ئینجیل به‌و ڕێنموویی و ئامۆژگاریانه هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن که خوا له ئینجیل‌دا دایبه‌زاندوه (گرنگترینیان شوێنکه‌وتنی ئاینی ئیسلام و پێغه‌مبه‌ری ئیسلامه) ئه‌وه‌ی حوکم و داوه‌ری نه‌کات به‌و به‌رنامه‌یه‌ی که خوا دایبه‌زاندوه، جا ئا ئه‌وانه ناپاک و تاوانبار‌و له سنوور ده‌رچوون.
48. ئێمه قورئانمان هاوڕێ له‌گه‌ڵ هه‌موو حه‌قیقه‌ت و ڕاستیه‌کدا بۆ تۆ دابه‌زاندووه، ڕاستی و دروستی کتێبه‌کانی پێش خۆیشی دیاری ده‌کات و چاودێره به‌سه‌ر هه‌موویاندا (کاتێک خاوه‌نانی کتێب له گاور‌و جوو گیروگرفتیان ده‌هێنن بۆ لای تۆ) به‌و به‌رنامه‌یه‌ی خوا ناردوویه‌تی داوه‌ریی بکه له نێوانیانداو شوێن ئاره‌زووه‌کانی ئه‌وان مه‌که‌وه‌و له‌و حه‌قه لامه‌ده که بۆت ڕه‌وانه کراوه، بۆ هه‌رلایه‌کتان (موسڵمانان و خاوه‌نانی کتێب) به‌رنامه و پڕۆگرامی تایبه‌تمان بڕیارداوه خۆ ئه‌گه‌ر خوا بیویستایه هه‌ر هه‌مووتانی ده‌کرده یه‌ک ئوممه‌ت و گه‌لێکی یه‌ک پارچه، به‌ڵام (ویستی وایه به‌و جیاوازیه) تاقیتان بکاته‌وه له‌وه‌ی پێی به‌خشیوون (تا به‌هۆی عه‌قڵ و ژیریتانه‌وه شوێنی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام بکه‌ون)، ده‌ی که‌واته زۆر به‌په‌له‌بن و پێشبڕکێ بکه‌ن بۆ هه‌موو خێر‌و چاکه‌یه‌ک، دڵنیاش بن که هه‌مووتان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ لای خوا، ئه‌و کاته هه‌واڵی ته‌واوتان ده‌داتێ ده‌رباره‌ی ئه‌و شتانه‌ی که کێشه‌تان له‌سه‌ری هه‌بوو.
49. (کاتێک هه‌ندێک له زاناکانی جوو، هاتن بۆ لات تا داوه‌ریی بکه‌ی له نێوانیاندا)، داوه‌ری بکه به‌و به‌رنامه‌یه (قورئانه)ی که له‌لایه‌ن خواوه بۆت دابه‌زیووه، شوێنی ئاره‌زووه‌کانی ئه‌وان مه‌که‌وه، وریابه نه‌وه‌کو ئه‌وان ڕێت لێ هه‌ڵه بکه‌ن له هه‌ندێک له‌و ڕێنمووییانه‌ی که خوا بۆی ناردوویت (جا ئه‌گه‌ر ئه‌و جوله‌کانه ڕازیی نه‌بوون) و پشتیان هه‌ڵکرد، ئه‌وه بزانه به‌ڕاستی خوا ده‌یه‌وێت گیرۆده‌ی سه‌رئه‌نجامی هه‌ندێک له گوناهه‌کانی خۆیانیان بکات، بێگومان زۆربه‌ی خه‌ڵکی یاخی و سه‌رکه‌ش و تاوانبارن.
50. ئایا ئه‌وانه حوکم و فه‌رمانڕه‌وایی جاهیلیه‌ت و نه‌فامیان ده‌وێت و ئه‌ویان لاپه‌سه‌نده؟! (ئاخر بۆ بیرناکه‌نه‌وه) کێ هه‌یه به‌قه‌ده‌ر خوا حوکمی جوان و چاک و به‌جێ بێت، (به‌تایبه‌ت) لای ئه‌و که‌سانه‌ی که به‌وردیی سه‌رنج ده‌ده‌ن و ویژدان و هه‌ستی زیندوویان هه‌یه.
51. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه جوله‌که‌و گاور مه‌که‌نه یارو یاوه‌رو پشتیوانی خۆتان ئه‌وانه هه‌ندێکیان پشتیوان و پشتگیری یه‌کترن، ئه‌و که‌سه‌ی پشت به‌وان ببه‌ستێت، ئه‌وه هه‌ر له‌وانه و (حسابی ئه‌وانی بۆ ده‌کرێت) به‌ڕاستی خوا هیدایه‌تی قه‌ومی سته‌مکار نادات...
52. به ڕوونی ده‌بینی ئه‌وانه‌ی دڵیان نه‌خۆشه و (ئیمان لاوازن) به‌په‌له ده‌چن بۆ لایان (به زمانی حاڵ) ده‌ڵێن: ده‌ترسین به‌ڵایه‌کمان تووش بێت یان کاره‌ساتێکمان به‌سه‌ر بێت، جا دوور نیه و له‌وانه‌یه به‌م نزیکانه خوا سه‌رکه‌وتن ببه‌خشێت (به ئیمانداران) یاخود به‌شێوه‌یه‌کی یه‌کسه‌ریی به موعجیزه‌یه‌ک له‌لایه‌ن خۆیه‌وه (سه‌رکه‌وتنیان پێببه‌خشێت) ئه‌وکاته باوه‌ڕلاوازان په‌شیمان ده‌بنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و نهێنی و خه‌ته‌ره و خه‌یاڵه‌ی له دڵ و ده‌روونیاندا شاردبوویانه‌وه.
53. ئه‌وسا ئه‌وانه‌ی ئیمانیان هێناوه (له‌ناو خۆیاندا به‌سه‌رسامیه‌وه) ده‌ڵێن: ئایا ئه‌و دووڕووانه ئه‌وانه‌ن که سوێندیان به خوا ده‌خوارد و جه‌ختیان له‌سه‌ر ده‌کرد که گوایه به‌ڕاستی له‌گه‌ڵتانداین؟! که‌چی کاره‌کانیان پووچه‌ڵ بوه‌وه‌و خه‌ساره‌تمه‌ند و زه‌ره‌رمه‌ند و مایه پووچ بوون.
54. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه، هه‌ر که‌س له ئێوه له ئاین و به‌رنامه‌که‌ی وه‌رگه‌ڕێت و پاشگه‌ز ببێته‌وه، ئه‌وه (هه‌ر خۆی زه‌ره‌ر ده‌کات) ئه‌وه له ئاینده‌دا خوا که‌سانێک ده‌هێنێته کایه‌وه (ئه‌وه‌نده ڕێک و پێک و باوه‌ڕ دامه‌زراون) په‌روه‌ردگاری مه‌زن خۆشی ده‌وێن، ئه‌وانیش ئه‌ویان خۆش ده‌وێت، هه‌روه‌ها ملکه‌چ و فه‌رمانبه‌ردارو به‌سۆزن بۆ ئیمانداران و سه‌ربڵندو نه‌خۆرو ده‌روون به‌رزن به‌سه‌ر بێ باوه‌ڕاندا، له پێناو ڕێبازی خواداو بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و هه‌وڵ ده‌ده‌ن و خه‌بات ده‌که‌ن و تێده‌کۆشن، له لۆمه‌ی لۆمه‌که‌رانیش ناترسن (ئه‌م خۆشه‌ویستی و هه‌ڵبژاردن و سۆز و تێکۆشانه) فه‌زڵ و ڕێزی تایبه‌تی خوایه که ده‌یبه‌خشێت به هه‌ر که‌س که بیه‌وێت و (شایسته بێت) و خوا فراوانگیرو زانایه (به‌نهێنی و ئاشکرا، به‌شایسته‌یی و ناشایسته‌یی هه‌ر که‌س و هه‌ر لایه‌نێک).
55. به‌ڕاستی ته‌نها خۆشه‌ویست و پشتیوانی ئێوه، هه‌ر خوا‌و پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی و ئه‌وانه‌ن باوه‌ڕیان هێناوه، که نوێژه‌کانیان به‌چاکی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و زه‌کات له ماڵ و سامانیان ده‌رده‌که‌ن و هه‌میشه دیارده‌ی کڕنوش و ملکه‌چییان بۆ په‌روه‌ردگار پێوه دیاره.
56. جا ئه‌وه‌ی خوا‌و پێغه‌مبه‌رو ئه‌وانه‌ی بڕوایان هێناوه به‌پشتیوان و خۆشه‌ویستی خۆی قه‌بوڵ بکات، ئه‌وه با دڵنیا بێت که هه‌ر کۆمه‌ڵ و ده‌سته‌و تاقمی خوا، زاڵ و سه‌رکه‌وتوون.
57. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه: نه‌که‌ن ئه‌وانه بکه‌نه پشتیوان و جێگه‌ی متمانه‌ی خۆتان که گاڵته‌و گه‌مه‌یان به ئاینه‌که‌تان کردووه، چ له خاوه‌نانی کتێبی پێش خۆتان، چ له بێ باوه‌ڕان، له خواش بترسن و پارێزکاربن ئه‌گه‌ر ئێوه باوه‌ڕدارن.
58. کاتێک ئێوه بانگ ده‌ده‌ن بۆ نوێژ، بانگ و نوێژه‌که‌تان ده‌که‌نه گه‌مه‌وگاڵته، چونکه ئه‌وانه که‌سانێکن به‌ڕاستی ژیر نابن و نافامن.
59. (ئه‌ی محمد (صلی الله علیه وسلم) پێیان) بڵێ: ئه‌ی خاوه‌نانی کتێب ئه‌وه به چی عه‌یبدار و له‌که‌دارمان ده‌که‌ن و لێمان توڕه ده‌بن، جگه له‌به‌ر ئه‌وه نه‌بێت که ئێمه بڕوای ڕاست و پته‌ومان هێناوه به‌خواو به‌و قورئانه‌ی که دابه‌زیووه‌ته خواره‌وه بۆ سه‌ر ئێمه و به‌وه‌ی که پێشتر دابه‌زیووه؟ یان ئه‌وه‌یه که زۆربه‌تان یاخی و سه‌ره‌ڕۆ و تاوانبارن.
60. پێیان بڵێ: ئایا هه‌واڵتان بده‌مێ به کردارێک که تۆڵه‌که‌ی لای خوا خراپتره له تۆڵه‌ی له‌که‌دارکردنی موسڵمانان، ئه‌وه‌ش کرداری ئه‌و که‌سه‌یه که خوا نه‌فرینی لێکردوه و جامی خه‌شم و ڕقی خۆی ڕژاندووه به‌سه‌ریداو هه‌ندێکیشی کردن به مه‌یمون و هه‌ندێکیشیان به به‌راز و هه‌ندێکیانیشی کرده تاغوت په‌رست و بت په‌رست؟! ئا ئه‌وانه خراپترین جێگه و ڕێگه‌یان هه‌یه و گومڕاترین که‌سن له ڕێبازی ڕاست و دروست.
61. ئه‌وانه کاتێک دێن بۆ لاتان (به درۆوه ده‌ڵێن) ئێمه‌ش موسوڵمانین و باوه‌ڕمان هێناوه، له کاتێکدا به‌ڕاستی ئه‌وانه به بێ باوه‌ڕیه‌وه هاتبوونه ژووره‌وه و بێگومان هه‌ر به‌بێ باوه‌ڕیشه‌وه چوونه ده‌ره‌وه، جا خوا خۆی چاک ده‌زانێت که چیان حه‌شارداوه له دڵ و ده‌روونیاندا.
62. زۆرێکیش له‌وانه ده‌بینیت به‌په‌له‌و به‌هه‌ڵپه‌ن له زه‌لکاوی تاوانی درۆ‌و عه‌یبدارکردنی موسوڵمانان و ده‌ستدرێژیی ناحه‌ق و خواردنی حه‌رامیان، سوێند بێت به‌خوا ئه‌وه‌ی که ده‌یکه‌ن زۆر خراپ و نادروسته.
63. ئایا ئه‌وه تاکه‌ی خواناس و زاناکانیان قه‌ده‌غه‌ی گوفتاری گوناهو حه‌رام خۆرییان لێناکه‌ن؟ سوێند بێت ئه‌و کرده‌وه‌و هه‌ڵس و که‌وته‌ی که ده‌یکه‌ن بۆ ڕازی کردنی خه‌ڵک زۆر نادروست و خراپ و ناپه‌سه‌نده.
64. ئه‌و جوله‌که (نه‌فام و خوانه‌ناسانه) ده‌یانوت: خوا ده‌ستی ده‌ستی به‌ستراوه و خێری له‌ده‌ست نابێته‌وه!! ده‌ک ده‌ستیان به‌ستراو و بێ خێر‌و که‌له‌پچه و تووشی شه‌له‌ل بێت، ده‌ک نه‌فرینیان لێ بێت، بۆ خۆیان و قسه‌یان، نه‌خێر، وانیه به‌ڵکو دوو ده‌سته‌ی (پڕ له به‌ره‌که‌تی په‌روه‌ردگار) هه‌میشه و به‌رده‌وام کراوه‌یه، چۆنی بوێت و چه‌ندی بوێت ده‌یبه‌خشێت! سوێند بێت زۆربه‌یان ئه‌وه‌ی نێردراوه‌ته خواره‌وه بۆت که قورئانه له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارته‌وه یاخی بوون و سته‌میان زیاد ده‌کات و نغرۆیان ده‌کات له کوفردا، ئێمه‌ش هه‌تا ڕۆژی قیامه‌ت دوژمنایه‌تی و ڕق و کینه‌مان له‌نێوانیاندا به‌رپاکردووه، هه‌ر کاتێک ده‌یانه‌وێت جه‌نگ به‌رپا بکه‌ن و ئاگری شه‌ڕ هه‌ڵبگیرسێنن خوا ده‌یکوژێنێته‌وه و نایه‌ڵێت ته‌شه‌نه بکات، ئه‌وانه زۆر به‌په‌له و به‌گه‌رمی هه‌وڵی بڵاو بوونه‌وه‌ی فه‌سادو تاوان ده‌ده‌ن له زه‌ویدا، خوایش ئه‌و که‌سانه‌ی خۆش ناوێت که تۆوی خراپه ده‌چێنن.
65. خۆ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی خاوه‌نانی کتێب باوه‌ڕیان بهێنایه‌و پارێزکار بوونایه، ئه‌وه چاوپۆشیمان له خراپه‌کانیان ده‌کردو لێیان خۆش ده‌بووین و ده‌مانخستنه ناو به‌هه‌شتی پڕ له نازو نیعمه‌ته‌وه.
66. خۆ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی هه‌ستانایه به‌په‌یڕه‌و و پیاده کردنی ته‌ورات و ئینجیل (که مژده‌ی زۆری تیایه ده‌رباره‌ی ئیسلام و محمد (صلی الله علیه وسلم)و ئه‌و قورئانه‌ش که له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاریانه‌وه بۆیان هاتووه‌ته خواره‌وه (ئه‌و کاته به‌رووبوومی دره‌خته‌کان زۆر و زه‌به‌نده ده‌که‌ین و به‌ره‌که‌ت ده‌خه‌ینه جیهانی دانه‌وێڵه‌و سه‌وزه و خۆراکه‌کانی تره‌وه)، ئه‌و کاته خۆراکیان ده‌خوارد له ڕا سه‌رو له‌به‌ر پێیانه‌وه، ده‌سته‌یه‌ک له‌وانه که‌سانێکی ژیر‌و دادپه‌روه‌ر و میانه‌ڕه‌و به ویژدانن، که‌چی زۆربه‌شیان ئه‌و کاروکرده‌وه‌ی که ده‌یکه‌ن زۆر نادروست و نابه‌جێ یه.
67. ئه‌ی پێغه‌مبه‌رو فرستاده، هه‌رچی فه‌رمان و په‌یامێکت بۆ دابه‌زیووه له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارته‌وه (بێ دوودڵی، بێ ماتڵی) ڕای بگه‌یه‌نه، خۆ ئه‌گه‌ر به‌و کاره هه‌ڵنه‌سایت، ئه‌وه مانای وایه په‌یامه‌که‌یت (به‌ته‌واویی) نه‌گه‌یاندووه (دڵنیاش به که) خوا ده‌تپارێزێت له شه‌ڕ و خراپه‌ی خه‌ڵکی، چونکه به‌ڕاستی خوا هیدایه‌ت و ڕێنموویی قه‌وم و هۆزی بێ باوه‌ڕان نادات.
68. (ئه‌ی محمد (صلی الله علیه وسلم) بڵێ: ئه‌ی خاوه‌نانی کتێب، ئێوه له‌سه‌ر هیچ به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وو پڕۆگرامێک نین، هه‌تا به‌چاکی په‌یڕه‌و و پیاده‌ی ته‌ورات و ئینجیل و ئه‌وه‌ی (له‌م دواییه‌دا، که قورئانه) نه‌که‌ن که له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارتانه‌وه بۆتان دابه‌زیووه، سوێند بێت به‌خوا زۆربه‌یان ئه‌وه‌ی نێردراوه‌ته خواره‌وه بۆت له لایه‌ن په‌روه‌ردگارته‌وه یاخی بوون و سته‌میان زیاد ده‌کات و نغرۆیان ده‌کات له بێ باوه‌ڕیدا (که‌چی له‌جیاتی گوێڕایه‌ڵی و ملکه‌چیی زۆربه‌یان هه‌وڵ ده‌ده‌ن شت هه‌ڵبه‌ستن بۆ ئه‌و قورئانه‌ی که بۆمان ڕه‌وانه کردوویت)، جا ئیتر خه‌فه‌ت و په‌ژاره دات نه‌گرێت بۆ ئه‌و گه‌له بێ باوه‌ڕه، (کاتێک: باوه‌ڕ ناهێنن، کاتێک تۆڵه‌یان لێ ده‌که‌ینه‌وه له دنیادا پێش قیامه‌ت).
69. به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ی که ئیمان و باوه‌ڕیان هێناوه (له ئوممه‌تی محمد (صلی الله علیه وسلم) و ئه‌وانه‌ی که بوون به جوو و ئه‌وانه‌ی صابئه‌ن (فریشته په‌رست و ئه‌ستێره په‌رستن) و گاوره‌کان، هه‌ر یه‌ک له‌و ده‌سته‌و تاقمانه ئه‌گه‌ر باوه‌ڕی دامه‌زراو به‌خواو به ڕۆژی دوایی بهێنێت، و کار‌و کرده‌وه‌ی چاک و دروست و به‌سوود ئه‌نجام بدات، ئه‌وانه نه‌ترس و بیم یه‌خه‌یان ده‌گرێت، نه‌خه‌م و په‌ژاره ڕوویان تێده‌کات (کاتێک له‌به‌ر ڕۆشنایی قورئانه‌وه ئه‌و باوه‌ڕه ده‌هێنن).
70. سوێند بێت به‌خوا بێگومان ئێمه په‌یمانمان له نه‌وه‌ی ئیسرائیل وه‌رگرتووه (که له ڕێبازی یه‌کتاناسی و چاکه‌کاریی لانه‌ده‌ن)، چه‌ند پێغه‌مبه‌رێکیشمان بۆ ڕه‌وانه کردوون، هه‌رکاتێک یه‌کێک له‌و پێغه‌مبه‌رانه‌یان به‌دڵ نه‌بوو بێت (به‌هۆی لاساریی و ده‌روون ئاڵۆزیی خۆیانه‌وه یاخود به‌ئاره‌زووی ئه‌وانی نه‌کردبێت) ده‌سته‌یه‌کیان (به‌رنامه‌ی پێغه‌مبه‌رانیان) به‌درۆ زانیووه، ده‌سته‌یه‌کی تریشیان په‌لاماریان داون و (شه‌هیدیان کردوون).
71. (له‌ولاشه‌وه چونکه خۆیان به‌خۆشه‌ویستی خوا داده‌نا) به‌ته‌ما بوون که تووشی به‌ڵاو ناخۆشی و سزا نه‌بن (له سه‌رنجامی لادان و یاخی بوونیان) هه‌ر بۆیه کوێرو که‌ڕ بوون له ئاستی حه‌ق و ڕاستیدا، (دوایی که زانیان زه‌ره‌ریانه) ته‌وبه‌یان کرد، خوایش چاوپۆشی لێکردن، له‌وه‌ودوا (تێهه‌ڵچوونه‌وه له تاوان و لادان) و زۆربه‌یان کوێرو که‌ڕ بوونه‌وه له‌ئاستی حه‌ق و ڕاستیدا، خوای گه‌وره‌ش بینایه به‌هه‌موو ئه‌و کارانه‌ی که ئه‌نجامی ده‌ده‌ن و (به‌سه‌ریاندا تێناپه‌ڕێت).
72. سوێند به‌خوا به‌ڕاستی، ئه‌وانه بێ باوه‌ڕ بوون که وتیان: خوا هه‌ر مه‌سیحی کوڕی مه‌ریه‌مه (به‌مه‌رجێک) مه‌سیح وتوویه‌تی: ئه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیل، ئه‌و خوایه بپه‌رستن که په‌روه‌ردگاری من و په‌روه‌ردگاری ئێوه‌شه و دڵنیابن ئه‌وه‌ی شه‌ریک و هاوبه‌ش بۆ خوا بڕیار بدات، ئه‌وه بێگومان خوا به‌هه‌شتی له‌سه‌ر حه‌رامکردووه و شوێن و جێگا‌و سه‌ره‌نجامی ئاگره، ئه‌وسا ئه‌وسته‌مکارانه هیچ جۆره پشتیوانێکیان نی یه (که‌س ناتوانێت فریایان بکه‌وێت).
73. سوێند بێت به‌خوا بێگومان ئه‌وانه‌ش بێ باوه‌ڕ بوون که وتیان: خوا یه‌کێکه له سێ دانه خوا (له حاڵه‌تێکدا): هیچ خوایه‌ک، هیچ په‌روه‌ردگارێک نیه جگه له خوایه‌کی تاکو ته‌نها، خۆ ئه‌گه‌ر له‌و گوفتاره نابه‌جێ و ناقۆڵایه‌یان کۆڵ نه‌ده‌ن، سوێند به‌خوا ئه‌وانه‌یان که بێ باوه‌ڕ بوون سزایه‌کی به‌ئێشیان تووش ده‌بێت.
74. ئایا (خاوه‌نانی ئه‌و بیر‌و بڕوا پووچانه) حه‌ق نیه ته‌وبه بکه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه بۆ لای خوا‌و داوای لێخۆشبوونی لێ بکه‌ن؟ له‌کاتێکدا: خوا لێخۆشبووه و میهره‌بانیشه!!
75. مه‌سیحی کوڕی مه‌ریه‌م هیچ شتێک نی یه (نه خوایه و نه کوڕی خوایه) جگه پێغه‌مبه‌رێکی خوا نه‌بێت، به ڕاستی پێش ئه‌و چه‌نده‌ها پێغه‌مبه‌ری تریش ڕابوردوون، دایکیشی ئافره‌تێکی زۆر ڕاست و ڕاستگۆیه، هه‌ردووکیان خواردنیان ده‌خوارد (وه‌کو هه‌موو ئینسانێک) سه‌یر بکه و سه‌رنج بده (ئه‌ی محمد (صلی الله علیه وسلم)، ئه‌ی ئیماندار) چۆن هه‌موو فه‌رمان و به‌ڵگه‌یه‌کیان بۆ ڕوون ده‌که‌ینه‌وه، له‌وه‌ودوا ته‌ماشاکا چۆن ڕوویان له حه‌ق وه‌رده‌چه‌رخێنرێت و له‌ڕاستی لاده‌درێن!
76. پێیان بڵێ: ئایا (ئه‌وه ڕاسته) له جیاتی خوا شتێک ده‌په‌رستن که نه زه‌ره‌رتانی به‌ده‌سته نه قازانج، (به‌ڵکو) هه‌ر خوا خۆی بیسه‌رو زانایه (ئه‌و شتانه‌ی ئێوه به‌ده‌وریدا دێن هیچیان له ده‌ست نایه‌ت).
77. هه‌روه‌ها بڵێ: ئه‌ی خاوه‌نانی کتێب زیاده‌ڕه‌وی مه‌که‌ن له ئاینه‌که‌تاندا به‌زیاده‌ڕه‌وی نابه‌جێ و له سنووری حه‌ق و ڕاستی ده‌رمه‌چن، شوێنی ئاره‌زووی ئه‌و که‌سانه مه‌که‌ون که بێگومان پێشان گومڕا بوون و زۆر که‌سیشیان گومڕا کرد‌و ئه‌وانیش له‌و ڕێگه‌و ڕێبازه ڕاسته لایاندا.
78. نه‌فرین کراوه له‌وانه‌ی: بێ باوه‌ڕ بوون له نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌سه‌ر زاری داودو عیسای کوڕی مه‌ریه‌م، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌وان یاخی و سه‌رکه‌ش بوون و ده‌ستدرێژیان ده‌کرد.
79. ئه‌وانه قه‌ده‌غه‌ی یه‌کتریان نه‌ده‌کرد له خراپه‌و تاوانێک که ده‌یانکرد، سوێند بێت به‌خوا ئه‌وه‌ی که ده‌یکه‌ن زۆر خراپ و ناپه‌سه‌نده!
80. زۆربه‌یان ده‌بینیت ڕازین به‌خۆشه‌ویستی و پشتیوانی ئه‌وانه‌ی که بێ باوه‌ڕ بوون، سوێند به خوا ده‌ست پێشکه‌رییه‌کی خراپیان بۆ خۆیان ئه‌نجامداوه که خوایان له خۆیان تووڕه کردووه (به‌و کاره‌یان)، (له قیامه‌تیشدا) له‌ناو سزای دۆزه‌خدا ده‌بێت بۆ هه‌میشه بمێننه‌وه.
81. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه باوه‌ڕیان به‌خواو به‌م پێغه‌مبه‌ره‌و ئه‌و قورئانه ببوایه که بۆی دابه‌زیوه، ئه‌وه ئه‌وانه‌یان نه‌ده‌کرد به‌خۆشه‌ویست و سه‌رپه‌رشتیاری خۆیان، پشتیان به‌وان نه‌ده‌به‌ست، به‌ڵام زۆربه‌یان تاوانبار‌و لاده‌رو یاخین و (حه‌ق و ڕاستی مه‌به‌ستیان نیه، به‌ڵکو به‌رده‌وام دژایه‌تی ئاینی ئیسلام ده‌که‌ن).
82. سوێند به‌خوا ده‌بینیت و ده‌ستت ده‌که‌وێت سه‌ر سه‌خترینی خه‌ڵک له دوژمنایه‌تیدا به‌رامبه‌ر به‌وانه‌ی که باوه‌ڕیان هێناوه، جوله‌که‌ن و ئه‌وانه‌ی که هاوه‌ڵیان بۆ خوا داناوه و سوێند بێت ده‌بینیت و ده‌ستت ده‌که‌وێت نزیکترینیان له سۆز و خۆشه‌ویستی بۆ ئه‌وانه‌ی که باوه‌ڕیان هێناوه ئه‌وانه‌ن که ده‌یانوت: به‌ڕاستی ئێمه نه‌صرانین، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه به‌ڕاستی هه‌ندێک له‌وان قه‌شه‌ی دیندارن و هه‌ندێکیشیان گۆشه‌گیرو که‌سانی خواپه‌رستن و بێگومان ئه‌وان خۆ به‌گه‌وره دانانێن.
83. (ئه‌وانه‌یان که به‌شوێن ڕاستیدا ده‌گه‌ڕێن) هه‌ر کاتێک گوێیان له قورئان ده‌بوو که بۆ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) دابه‌زیووه، ده‌بینیت چاوه‌کانیان ئه‌سرینی خۆشی هه‌ڵده‌ڕێژێت، به‌هۆی ئه‌و حه‌ق و ڕاستیه‌ی که ده‌یانناسی، له‌کاتێکدا ده‌ڵێن: په‌روه‌ردگارا ئێمه ئیمان و باوه‌ڕمان هێناوه (به ئاینی ئیسلام) ده تۆش له ڕیزی (په‌یڕه‌وان) و شایه‌ته‌کاندا تۆمارمان بکه.
84. چی ڕێمان لێده‌گرێت باوه‌ڕ نه‌هێنین به خوا‌و به‌وه‌ی بۆمان هاتووه له حه‌ق و ڕاستی، هیواداریشین که په‌روه‌ردگارمان بمانخاته نێو ڕیزی چاکان و گونجاوان بۆ خواپه‌رستی.
85. جا به‌هۆی ئه‌وگوفتاره به‌جێیه‌یان پاداشتی دانه‌وه، به‌وه‌ی باخه‌کانی به‌هه‌شتیان پێ ده‌به‌خشێت که چه‌نده‌ها ڕووبار به‌ژێر دره‌خته‌کانیدا ده‌ڕوات، هاوڕێ له‌گه‌ڵ ژیانی هه‌میشه‌یی و نه‌بڕاوه‌دا، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌شه پاداشتی چاکه‌کاران.
86. ئه‌وانه‌ش باوه‌ڕیان نه‌هێناوه و ئایه‌ت و فه‌رمانه‌کانی ئێمه‌یان به درۆزانی، ئا ئه‌وانه نیشته‌جێی ناو دۆزه‌خن.
87. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی که باوه‌ڕتان هێناوه، ئه‌و نازو نیعمه‌ته چاکانه‌ی که خوا بۆی حه‌ڵاڵ کردوون له خۆتانی حه‌رام مه‌که‌ن و له سنوور ده‌رمه‌چن و ده‌ستدرێژیی مه‌که‌ن، چونکه به‌ڕاستی خوا ده‌ست درێژکارانی خۆشناوێت.
88. له‌و ڕزق و ڕۆزییه حه‌ڵاڵ و پاکانه بخۆن که خوا پێی به‌خشیوون، له‌و خوایه بترسن که ئێوه هه‌میشه باوه‌ڕی دامه‌زراوتان پێیه‌تی (خۆتان له ڕزق و ڕۆزیی حه‌رام بپارێزن).
89. خوا لێتان ناگرێت کاتێک به‌ساده‌یی سوێند به‌ده‌متاندا دێت و (له‌سه‌ری ڕاهاتوون) به‌ڵکو له‌و سوێندانه‌تان ده‌پرسێته‌وه که بیر‌و هۆشتان لای هه‌بووه و بۆ مه‌به‌ستێک وتووتانه، جا که‌فاره‌تی ئه‌و جۆره سوێندانه: نان و خۆراک دانه به ده که‌سی هه‌ژار به‌شێوه‌یه‌کی مامناوه‌ندی که بۆ خاو و خێزانتان سه‌رفی ده‌که‌ن، یاخود پۆشته کردنه‌وه‌یان یاخود ئازاد کردنی به‌نده‌یه‌ک (ئه‌گه‌ر بووی) ئه‌وه‌ی (توانای ئه‌و شتانه‌ی نه‌بوو) با سێ ڕۆژ به‌رۆژوو بێت، ئه‌وه که‌فاره‌تی سوێنده‌کانتانه کاتێک سوێند ده‌خۆن و نایبه‌نه سه‌ر، جا تاده‌توانن سوێنده‌کانتان بپارێزن و مه‌یانشکێنن، ئا به‌و شێوه‌یه خوا ئایه‌ته‌کانی خۆیتان بۆ ڕوون ده‌کاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سوپاسگوزاری بکه‌ن.
90. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه دڵنیابن که عه‌ره‌ق و قومارو گۆشتی ماڵاتی سه‌ربڕاو بۆ غه‌یری خوا له‌و شوێنانه‌ی که خه‌ڵک به‌پیرۆزی داناوه نه‌ک ئیسلام، بورج حه‌رام و حه‌ڵاڵ زانین به‌هۆی هه‌ڵدانی زاره‌وه ئه‌مانه هه‌رپیسن و له‌کاروکرده‌وه‌ی شه‌یتانن، که‌واته ئێوه‌ش خۆتانی لێ دوور بگرن و خۆتانی لێ بپارێزن، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازیی و به‌خته‌وه‌ریی به‌ده‌ست بهێنن (له هه‌ردوو جیهاندا).
91. به‌ڕاستی شه‌یتان هه‌ر ده‌یه‌وێت له ڕێگه‌ی عه‌ره‌ق و قوماره‌وه دوژمنایه‌تی و بوغز‌و کینه بخاته نێوانتانه‌وه و له‌یادکردنی خوا و ناوه پیرۆزه‌کانی وێڵتان بکات، هه‌روه‌ها سست و ته‌مه‌ڵتان بکات له ئه‌نجامدانی نوێژه‌کان به شێنه‌یی، ئایا ئیتر به‌س نیه؟ ئایا کۆڵ ناده‌ن؟! (جا هه‌ر که ئه‌م ئایه‌ته پیرۆزه هاته خواره‌وه، جاڕ درا به ناو شاری مه‌دینه‌دا که عه‌ره‌ق حه‌رام کراوه، ئه‌وسا ئیمانداران قه‌ڕابه و گۆزه و دیزه و هه‌رچی عه‌ره‌قی تیادا بوو ڕشتیانه کۆڵان).
92. (ئه‌ی ئیمانداران) فه‌رمانبه‌رداری خوا بن، فه‌رمانبه‌رداری پێغه‌مبه‌ریش بن و وریابن و ئاگادار بن (نه‌که‌ن سه‌رپێچی له فه‌رمان و ڕێنمووییه‌کانیان بکه‌ن) جا ئه‌گه‌ر پشت هه‌ڵکه‌ن و یاخی ببن ئه‌وه بزانن به‌ڕاستی کاری پێغه‌مبه‌ری ئێمه ته‌نها ڕاگه‌یاندنی ئاشکراو ڕوونی په‌یامه‌که‌یه.
93. هیچ گوناهێک نیه له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی که باوه‌ڕیان هێناوه و کرداره چاکه‌کانیان ئه‌نجامداوه له‌وه‌ی که خواردویانه و خواردویانه‌ته‌وه (پێش حه‌رامکردنیان)، کاتێک خۆیان پاڕاستبێت له حه‌رامی ئه‌و سه‌رده‌مه و بڕوایان هه‌بوو بێت و کرداره چاکه‌کانیان ئه‌نجام دابێت و پاشان له تازه حه‌رام کراوه‌کانیش خۆیان پاڕاستبێت و باوه‌ڕیان هێنا بێت له دوایدا خۆیان پاڕاستبێت و به‌رده‌وامیش بووبن له‌سه‌ر چاکه‌کردن، خوایش چاکه‌کارانی خۆش ده‌وێت (چاوپۆشی له ڕابوردوویان ده‌کات).
94. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه سوێند بێت بێگومان خوای گه‌وره تاقیتان ده‌کاته‌وه بهشتی که‌م هه‌ندێکیان له نێچیری کێوین که دێنه پێشه‌وه لێتان و ده‌توانن به‌ده‌ست بیانگرن و به ڕمه‌کانتان ڕاویان بکه‌ن (له‌کاتی ئیحرامدا بۆ حه‌ج و عه‌مره) تا به ته‌واوی له جیهانی واقعدا خوا بزانێت که کێ له په‌نهانیدا ده‌ترسێت له خوا، جا ئه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی و نافه‌رمانی کردبێت له دوای ئه‌و تاقی کردنه‌وه‌یه (له‌کاتی ئیحرامدا) ئه‌وه سزای به‌ئێشی بۆ هیه.
95. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه له‌کاتێکدا ئێوه له ئیحرامدان (نیه‌تی حه‌ج یا عه‌مره‌تان هێناوه) نێچیر ڕاو مه‌که‌ن، ئه‌وه‌ی به‌ئاره‌زوو ڕاو بکات و نێچیر بکوژێت له تۆڵه‌یدا ده‌بێت قوربانیه‌کی وه‌ک ئه‌و نێچیره پێشکه‌ش بکات و ئه‌و بڕیاره‌ش ده‌بێت دووکه‌سی شاره‌زای دادپه‌روه‌ر له خۆتان بیده‌ن و قوربانیه‌که‌ش ده‌بێت پێشکه‌ش بکرێت له ده‌وروبه‌ری که‌عبه‌دا، یاخود به‌قه‌ده‌ر نرخی قۆچه‌که خۆراک پێشکه‌ش به‌هه‌ژاران بکات، یاخود به‌قه‌ده‌ر ژماره‌ی هه‌ژاران (که خۆراکیان به‌رده‌که‌وێت) به‌ڕۆژوو بێت، تا تاڵاوی سه‌رپێچی خۆی بچێژێت، له ڕابوردووشدا هه‌رچی له‌و بابه‌تانه ڕوویداوه خوا قه‌ڵه‌می چاوپۆشی به‌سه‌ردا هێناوه، جا ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵانه دووباره بکاته‌وه خوا تۆڵه‌ی لێده‌سێنێت، چونکه خوا باڵاده‌ست و تۆڵه سێنه‌رێکی (به زه‌بره).
96. ڕاوکردن و خواردنی زینده‌وه‌رانی ده‌ریایی بۆتان حه‌ڵاڵ کراوه، له‌به‌ر سوودی ئێوه و ئه‌و که‌سانه‌ش که له سه‌فه‌ردان و ڕاوی زینده‌وه‌رانی ده‌شتی و کێوی لێتان حه‌رامه هه‌تا له ئیحرامدا بن، له‌و خوایه بترسن که هه‌ر بۆ لای ئه‌و کۆ ده‌کرێنه‌وه (بۆ لێپرسینه‌وه).
97. خوا، که‌عبه که (البیت الحرام)ه کردوویه‌تی به‌هۆی هه‌ستانه‌وه و بوژانه‌وه‌ی خه‌ڵکی (له هه‌ردوو دنیادا)، هه‌روه‌ها مانگه حه‌رامه‌کانیش و دیاریی و قوربانیه دیاری کراوه‌کان، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه چاک بزانن و دڵنیا بن که خوا ئاگاداره به‌هه‌رچی له ئاسمانه‌کاندایه و به‌هه‌رچی له زه‌ویدا هه‌یه، به‌ڕاستی خوا به هه‌موو شتێک زانایه.
98. چاک بزانن به‌ڕاستی خوا تۆڵه‌سێنه‌رێکی توند و تیژه (له یاخیه‌کان) هه‌روه‌ها بێگومان لێخۆش‌بوو و میهره‌بانه (بۆ ئیمانداران).
99. پێغه‌مبه‌ر هیچی له‌سه‌ر نی یه جگه له ڕاگه‌یاندنی په‌یامی خوا، هه‌ر خوا خۆیشی ده‌زانێت به‌وه‌ی ده‌ریده‌خه‌ن، به‌وه‌ش ده‌یشارنه‌وه (له کردار‌و نیه‌تتان).
100. (ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) پێیان بڵێ: پیس و پاک یه‌کسان نین، هه‌رچه‌نده زۆریه‌تی ئه‌و پیسه سه‌رنجی ڕاکێشا بیت، که‌واته ئه‌ی هۆشمه‌ندان له خوا بترسن و پارێزکار بن، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفراز و سه‌رکه‌وتووبن.
101. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه پرسیار مه‌که‌ن له هه‌ندێک شت، که ئه‌گه‌ر ئاشکرا بکرێت بۆتان سه‌غڵه‌تتان ده‌کات، خۆ ئه‌گه‌ر پرسیار بکه‌ن ده‌رباره‌یان له‌کاتی دابه‌زاندنی قورئاندا ئه‌وه بۆتان ئاشکرا ده‌کرێت، خوا چاوپۆشی لێ کردوون و (باسی نه‌کردوون) خواش لێخۆش‌بوو و به‌حیلم و حه‌وسه‌ڵه‌یه.
102. بێگومان که‌سانێک پێش ئێوه پرسیاریان ده‌رباره‌یان کرد، پاشان که بۆیان ڕوون ده‌بۆوه بڕوایان پێ نه‌ده‌کرد و پێی بێ باوه‌ڕ بوون (که‌واته ئێوه وامه‌بن).
103. خوا بڕیاری ئه‌وه‌ی نه‌داوه که وشتر گوێی ببڕدرێت یان به‌ڕه‌ڵا بکرێت، یان به‌رخۆله‌ی مه‌ڕه‌کان بۆ بته‌کان سه‌ر ببڕدرێت، یان وشتری نێر ئازاد بێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی بێ باوه‌ڕ بوون درۆیان به‌ده‌م خواوه هه‌ڵده‌به‌ست، زۆربه‌شیان ژیر نابن (هه‌ر له خۆیانه‌وه بڕیاری نابه‌جێ ده‌ده‌ن و کرداری ناپه‌سه‌ند ده‌که‌ن).
104. هه‌ر کاتێک پێیان بوترێت: وه‌رن بۆ لای ئه‌وه‌ی خوا دایبه‌زاندووه و وه‌ن بۆ لای پێغه‌مبه‌ریش (بۆ ئه‌وه‌ی داوه‌ری بکات له نێوانتاندا) ئه‌وه ده‌ڵێن: هه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌مان به‌سه که باو‌و باپیرانمان له‌سه‌ری بوون و له مامۆستا‌و ڕابه‌رانمانه‌وه فێری بوین و بۆمان ماوه‌ته‌وه، ئایا ئه‌گه‌ر کاتێکیش باوان و مامۆستایانیان هیچ شتێک له حه‌رام و حه‌ڵاڵ نه‌زانن و ڕێنموویش وه‌رنه‌گرن، ئه‌وه هه‌رشوێنیان ده‌که‌ون؟!
105. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه هه‌میشه‌و به‌رده‌وام سه‌رگه‌رمی په‌روه‌رده‌ی خۆتان بن و (مه‌ترسن)، چونکه ئه‌وانه‌ی گومڕان ناتوانن زیانتان لێبده‌ن ئه‌گه‌ر ئێوه به‌چاکی ڕێبازی هیدایه‌ت و خواناسیتان گرتبێته به‌ر، دڵنیابن گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌موو شتێک بۆلای خوایه، سه‌ره‌نجام هه‌واڵی هه‌موو ئه‌و کار‌و کرده‌وانه‌تان ده‌داتێ که ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
106. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه: کاتێک نیشانه‌ی مه‌رگ و مردن له که‌سێکتان ده‌رکه‌وت، شایه‌تی نێوانتان با دووکه‌س بن له‌کاتی وه‌سیه‌ته‌که‌دا، دووکه‌سی دادپه‌روه‌ر بن له خۆتان یان دوو که‌سی تر جگه له خۆتان، ئه‌گه‌ر ئێوه بۆ بازرگانی و شتی تر سه‌فه‌رتان کرد له وڵاتدا‌و جا مردن یه‌خه‌ی گرتن، ئه‌گه‌ر دوودڵ بوون له دوو شایه‌ته‌که ئه‌وا ڕایانگرن له دوای نوێژی عه‌سر سوێند بخۆن به‌خواو (بڵێن) ئێمه سوێنده‌که‌مان به‌هیچ نرخێک ناگۆڕینه‌وه با سوێند بۆ خوراوه‌که نزیکترین خزمیش بێت (له ڕاستی لا ناده‌ین)، ئێمه شایه‌تیه‌ک که بۆ خوا ئه‌نجاممانداوه نایشارینه‌وه و ونی ناکه‌ین، چونکه به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر وابکه‌ین ئه‌وه که‌وابوو بێگومان له ڕیزی تاوانبارانداین.
107. خۆ ئه‌گه‌ر ده‌رکه‌وت ئه‌و دوو شایه‌ته‌ی پێشوو (درۆیان کردووه‌و) خۆیان گوناهبار کردووه ئه‌وه دووکه‌سی تر له خزمی نزیکی سته‌م لێکراوی مردووه‌که له جیاتی ئه‌وان ئاماده بکرێن و ئینجا سوێند به‌خوا بخۆن و بڵێن: که به ڕاستی شایه‌تی ئێمه له شایه‌تی ئه‌وان ڕاستترو دروستتره، ئێمه هیچ سته‌م و ده‌ستدرێژیه‌کمان نه‌کردووه و (ته‌ماعمان له ماڵیاندا نیه)، خۆ ئه‌گه‌ر نیه‌تمان وابێت، ئه‌وه به‌ڕاستی که‌وابوو ئێمه‌ش له ڕیزی سته‌مکارانداین.
108. ئه‌وه‌ی که باسکرا نزیکترین و شیاوترین شێوازه بۆ شایه‌تی جێبه‌جێ کردن بۆ ئه‌وه‌ی سوێند و شایه‌تیه‌کان به ڕاستی بدرێن له‌به‌ر خوا یان له ترسی ئابڕوو چوونی به‌درۆ خستنه‌وه‌ی سوێنده‌کانیان (تا مافی که‌س نه‌فه‌وتێت)، له خوا بترسن و گوێ بگرن (بۆ هه‌موو ڕێنموییه‌کی خێر) خوایش هیدایه‌ت و ڕێنموویی هۆزو قه‌ومی تاوانبار‌و گوناهکارو له سنوور ده‌رچوو نادات.
109. رۆژێک دێت، خوا هه‌موو پێغه‌مبه‌ران کۆده‌کاته‌وه، ئیجا پێیان ده‌فه‌رموێت: چۆن وه‌ڵامتان درایه‌وه‌و خه‌ڵکی هه‌ڵوێستیان چۆن بوو به‌رامبه‌رتان؟ تا چ ڕاده‌یه‌ک هاتن به‌ده‌متانه‌وه؟ (له سامناکی ئه‌و ڕۆژه و به‌هۆی دڵنیاییان له زانیاری بێ سنووری خوایی) وتیان: ئێمه نازانین و هیچ شاره‌زاییه‌کمان نیه، به‌ڕاستی خوایه تۆ هه‌ر خۆت ئاگات له هه‌موو نهێنی و شاراوه‌کانه و به هه‌موو په‌نهانێک ده‌زانیت.
110. ئه‌وسا (له‌ناو هه‌موو پێغه‌مبه‌راندا ڕوو به عیسای کوڕی مه‌ریه‌م) خوا فه‌رمووی: ئه‌ی عیسای کوڕی مه‌ریه‌م یادی ئه‌و نازو نیعمه‌ته‌ی من بکه‌ره‌وه که ڕژاندم به‌سه‌ر خۆت و دایکتدا، کاتێک من به‌هۆی فریشته جوبرهئیلی پیرۆزه‌وه پشتیوانیم لێکردیت، ئه‌وکاته‌ی له بێشکه‌داو به‌پیریش به‌ڕه‌وانی قسه‌ت بۆ خه‌ڵکی ده‌کرد، هه‌روه‌ها کاتێک فێری نووسین و دانایی و ته‌ورات و ئینجیلم کردیت، کاتێکیش له قوڕ وه‌ک شێوه‌ی باڵنده‌ت دروست ده‌کرد به‌فه‌رمانی من، ئه‌مجا فووت پیاده‌کرد، جا ده‌بوو به‌باڵده به‌فه‌رمانی من و کوێری زگ‌ماک و به‌ڵه‌کت چاک ده‌کرده‌وه به‌فه‌رمانی من، کاتێکیش مردووه‌کانت به‌زیندوویی به‌فه‌رمانی من له گۆڕ ده‌رده‌هێنایه‌وه، هه‌روه‌ها یادی ئه‌وه بکه‌ره‌وه که شه‌ڕی نه‌وه‌ی ئیسرائیلم لێ لادایت، کاتێک به‌به‌ڵگه ئاشکراکانه‌وه هاتی بۆ لایان، جا ئه‌وانه‌شیان که بێ باوه‌ڕ بوون وتیان: ئه‌مه جگه له‌وه‌ی جادوویه‌کی ئاشکرایه هیچ شتێکی تر نیه.
111. هه‌روه‌ها کاتێک نیگام نارد بۆ هاوه‌ڵه دڵسۆز‌و تایبه‌تیه‌کانی عیسا (حه‌واریه‌کان) که ئیمان و باوه‌ڕ بهێنن به من و به پێغه‌مبه‌ره‌که‌م، ئه‌وانیش وتیان: ئیمان و باوه‌ڕی ته‌واومان هه‌یه، خوایه تۆش به‌شایه‌ت به که به‌ڕاستی ئێمه موسڵمان و (ملکه‌چ و دڵسۆزین).
112. کاتێک حه‌واریه‌کانیش وتیان: ئه‌ی عیسای کوڕی مه‌ریه‌م، ئایا په‌روه‌ردگاری تۆ ده‌توانێت له ئاسمانه‌وه سفره و خوانێکمان بۆ دابه‌زێنێت؟ عیسا وتی: له خوا بترسن، ئه‌گه‌ر ئێوه ئیماندارن، (ئه‌مه چ داخوازیه‌که ده‌یکه‌ن؟!).
113. (حه‌وارییه‌کان بۆ پاساوی داواکه‌یان) وتیان: ده‌مانه‌وێت (بۆ پیرۆزی و به‌ره‌که‌ت) لێی بخۆین و دڵنیابین و چاک بزانین که بێگومان ڕاستت له‌گه‌ڵدا کردووین و له‌سه‌ریشی ببینه شایه‌ت (تا ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی هه‌یه باوه‌ڕی دامه‌زراوتر بێت).
114. ئه‌وسا عیسای کوڕی مه‌ریه‌م وتی: ئه‌ی خوای په‌روه‌ردگار له ئاسمانه‌وه سفره و خوانێکمان بۆ دابه‌زێنه تا ببێته جه‌ژن بۆ نه‌وه‌کانی ئێستا و داهاتوومان و به‌ڵگه‌یه‌ک بێت له‌لایه‌ن تۆوه بۆ پێغه‌مبه‌رایه‌تی من و ده‌سه‌ڵاتی بێ سنوورت و له ڕزق و ڕۆزی به‌هره‌وه‌رمان بکه، هه‌ر تۆی چاکترین ڕۆزی به‌خش.
115. (ئینجا) خوا فه‌رمووی: به‌ڕاستی من ئه‌و سفره و خوانه‌تان بۆ داده‌به‌زێنم، جا ئه‌وه‌تان (دوای دابه‌زاندنی سفره‌وخوانه‌که) بێ بڕوابێت و سوپاس ناپه‌زێربێت، ئه‌وه به‌ڕاستی من سزایه‌کی ده‌ده‌م که سزای هیچ که‌سێکم له جیهاندا ئاوانه‌دا بێت.
116. کاتێکیش خوا (هه‌ر له قیامه‌تدا) فه‌رمووی: ئه‌ی عیسای کوڕی مه‌ریه‌م، ئایا ئه‌وه‌تۆ به‌خه‌ڵکیت وتوه: منیش و دایکیشم به دوو خوا دابنێن له خوار خوای په‌روه‌ردگاره‌وه؟ عیسا له وه‌ڵامدا وتی: پاکی و بێگه‌ردی و بێ هاوه‌ڵی شایسته‌ی تۆیه، بۆم نیه من شتێک بڵێم بۆ خۆم که مافی من نه‌بێت؟! (چۆن حه‌ق به‌خۆم ده‌ده‌م شتی وا بێت به زارم‌دا؟!) خۆ ئه‌گه‌ر شتی وام وتبێت ئه‌وه به‌ڕاستی تۆ ده‌یزانیت و لێت شاراوه نیه، چونکه تۆ ده‌زانیت به‌هه‌رچی له دڵ و ده‌روونمدا هه‌یه، به‌ڵام من نازانم به‌وه‌ی که له ده‌ریای علم و زانستی بێ پایانی تۆدا هه‌یه، چونکه به‌ڕاستی هه‌ر تۆ زانا و شاره‌زای نهێنی و په‌نهانی.
117. (بێگومان تۆ چاک ده‌زانیت): من هیچ شتێکم پێ نه‌وتوون جگه له‌وه‌ی که تۆ فه‌رمانت پێداوم، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: ته‌نها خوا بپه‌رستن که په‌روه‌ردگاری من و په‌روه‌ردگاری ئێوه‌شه و من شایه‌ت بووم به‌سه‌ریانه‌وه هه‌تا له‌ناویاندا بووم، ئینجا کاتێک منت مران و گیانت کێشام، ئیتر ئه‌وه هه‌ر خۆت چاو‌دێر و ئاگادار بوویت لێیان و هه‌ر تۆش شایه‌تیت به‌سه‌ر هه‌موو شتێکه‌وه.
118. جا ئه‌گه‌ر ئه‌شکه‌نجه‌یان بده‌یت (له‌سه‌ر لادان و تاوانیان)، ئه‌وه به‌ڕاستی به‌نده‌ی خۆتن و ئه‌گه‌ر لێشیان خۆش ببیت، ئه‌وه به‌ڕاستی تۆ خۆت خوایه‌کی باڵاده‌ست و دانایت (ده‌زانیت کێ شایسته‌ی لێخۆشبوونه).
119. (ئینجا) خوای گه‌وره فه‌رمووی: ئه‌مه ئه‌و ڕۆژه‌یه که ڕاستگۆیان ڕاستگۆییه‌که‌یان سوودیان پێده‌گه‌یه‌نێت، باخه‌کانی به‌هه‌شت بۆیان ئاماده‌یه که چه‌نده‌ها ڕووبار به‌ژێر دره‌خته‌کانیدا ده‌ڕوات و بۆ هه‌میشه‌و هه‌تاهه‌تایی له‌و به‌هه‌شته‌دا ده‌مێننه‌وه و خوای په‌روه‌ردگاریش لێیان ڕازی بووه و ئه‌وانیش له خوا ڕازی بوون، ئه‌وه‌یه سه‌رفرازیی گه‌وره و بێ سنوور.
120. ئاسمانه‌کان و زه‌وی هه‌ر خوا خاوه‌نیانه، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش که تیایاندایه و ئه‌و زاته هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا هه‌یه.